چاوخشانێک بەسەر "بە بارمتەگرتنی شارومەندانی بیانی بۆ ئاڵوگۆڕکردنیان لەگەڵ تیرۆریستان"
هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی داڕمانی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی، دەسەڵاتی ئێران و لایەنگرانی سازانی رۆژئاوا لەگەڵ ئەم رژێمە، لە زیادبوونی رق و تووڕەیی خەڵکی ئێران تۆقاون و هەوڵ دەدەن بە رێگەێ "بە شەیتانکردن" و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست لە دژی موقاومەتی ئێران، رێگری لە رووخاندنی ئەم رژێمە بکەن! کە ئەوەش بەتەواوی ئاماژەیە بۆ لاوازبوونی دیکتاتۆرییەت لە ئێران و نیشانەی شکستی سیاسەتی سازانی رۆژئاوایە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە!
رژێمی دیکتاتۆریی ئێران، بە رێگەی بە بارمتەگرتنی شارۆمەندان و پاڵپشتیکردنی لایەنگرانی سیاسەتی سازانی رۆژئاوایی، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ساختە لە دژی موقاومەت، بە مەبەستی پەراوێزخستنی "هێزی سەرەکی" لە گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی"دا، واتا (ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران) و بە "بەربڵاوترین سانسۆری سەدە" لە دژی موقاومەتی ئێران و ناوەندەکانی شۆڕش لە ناوخۆی ئێران، بە شێوەی جۆراوجۆر کار دەکات بۆ دامرکاندنی شۆڕش و بە لاڕێدابردنی بیروڕای گشتی بۆ مانەوەی لە دەسەڵات.
پەخشکردنی درووشمی شاپەرەستی لە شارەکانی ئێران، یەکێکە لە سیناریۆکانی رژێمی ئێران. "ئامانج لەمکارە، دووبەرەکینانەوە و بە خراپ نواندنی راپەڕینی خەڵکی ئێران و بڵاوکردنەوەی ئەم درۆ گەورەیەیە کە هیچ بەدیلێک نییە بۆ رژێمی ئێران و تاکە رێگا، گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی پاشماوەکانی رەزاخانی قەزاق".
بە بارمتەگرتن!
بە بارمتەگرتنی هاووڵاتیانی بیانی لە ئێران، یەکێکە لەو رێوشوێنانەی کە دەسەڵاتی ئێران بۆ مانەوەی گرتوویەتیە بەر. ئەم رژێمە لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا شارومەندانی وڵاتانی رۆژئاوایی لە ئێران دەستبەسەر دەکات و بە بارمتە دەیانگرێت. بۆ ئەوەی لە هەنگاوی دواتردا بازرگانییان پێوە بکات و دواتریش ناکۆکی ساز بکات لە نێوان حکومەتەکانی رۆژئاوا و موقاومەتی ئێراندا. بە واتایەکیتر رژێمی ئێران، بە رێگەی بە بارمتەگرتنی شارومەندانی وڵاتانی رۆژئاوایی، حکومەتەکانیشیان بە بارمتە دەگرێت! بەو پێیە، بە بارمتەگرتن تەڵەیەکە لە لایەن دەسەڵاتی دیکتاتۆری مەزهەبییەوە لە دژی حکومەتەکانی رۆژئاوا و مەبەستیشی هەڕەشەکردن و راکێشانی وڵاتانە بۆ دوورکەوتنەوە لە موقاومەتی ئێران.
چاوداخستنی سازشکارانی رۆژاوا لە ئاست تاوانە تیرۆریستییەکانی ئەم رژێمە لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، دەسەڵاتی ئێران هان دەدا زیاتر بێتە پێشەوە. بەشێوەیەک کە ئێستا تۆڕێکی بەرفراوانی تاوانباران و تیرۆریستان و بەکرێگیراوان و هۆکارانی ئەم رژێمە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا هەن کە نفوزیان کردووەتە ناو کۆمەڵگا و حکومەتەکان کە لەلایەن باڵیۆزخانەکانی ئەم رژێمەوە رێنوێنی دەکرێن و کاتێکیش دەستبەسەر دەکرێن و دەخرێنە بەردەم دادگا، رژێمی ئێران و لایەنە بیانییە سازشتکارەکان، لە کردەوەیەکی قێزەون و شەیتانگەراییدا لە دژی موقاومەتی ئێران، هەڵدەستن بە ئاڵوگۆڕکردنی شارومەندانی بە بارمتەگیراو لەگەڵ ئەم کرێگرتە دەستبەسەرکراوانەدا.
هاوکات لەگەڵ ئەمجۆرە گرێبەست و سات و سەودایانەیە، سازشکارانی رۆژئاوایی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ و زانیاری ناڕاست، دەبنە یارمەتیدەر بۆ ئەم رژێمە کە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. بڵاوکردنەوەی ئەمجۆرە زانیارییانە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی ئیعدامکردنەکان لە ناوخۆی ئێراندا. لە ساڵی رابردوودا ( ١٤٠٣خۆری) 1153 زیندانی لە سێدارە دراون کە لە چاو ساڵانی رابردوودا بێ هاوتایە. لەو ژمارەیەش ٩٦١ کەسی لەسێدارەدراو (لەسەدا ٨٣ی لەسێدارەدراوەکان) لە سەردەمی هاتنە سەر کاری (مەسعوود پزیشکیان)دا روویداوە. بەهۆی لەسێدارەدانی نهێنی و تۆمارنەکراو، ژمارەی راستەقینەی لەسێدارەدانەکان زۆر لەوە زیاترە.
هاتنە سەر شانۆی سازشکارانی رۆژئاوایی!
ڕۆژی سێشەممە 18ی مارسی 2025، هەفتەنامەیەکی فەرەنسی بابەتێکی بە ئامانجی ناوزڕاندنی سازمانی موجاهیدینی خەلقی ئێران و رێبەری ئەو رێکخراوە خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران بڵاوکردەوە. تۆمەتە سەرەکییەکان کە باس لەوە دەکەن "خانمی رەجەوی خاوەن ژیانێکی لووکسە"، هەڵقوڵاوی زانیاری ناڕاستەو لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە لە تاران بڵاوکراوەتەوە.
کەسایەتییە دیارەکانی ئەمریکا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بۆ پشتیوانیکردن لە موقاومەتی ئێران بڵاوکردەوە و نووسییان: ئێمە بە توندی هێرشی رێکخراو و شکستخواردووی رژێمی تیرۆریستیی ئێران، بۆ بڵاوکردنەوەی بوختان و زانیاری ناڕاست لە دژی خانمی رەجەوی رەتدەکەینەوە و پشتیوانیکردنی بەردەوامی خۆمان بۆ لێهاتوویی و بە توانابوونی خانمی رەجەوی بۆ بەرەوپێشبردنی خەبات لە پێناو ئازادی و دیموکراسیدا دووپات دەکەینەوە. ئێمە خانمی رەجەوی بەشەخسی دەناسین و بەرزترین رێزمان هەیە بۆ راستگۆیی و بوێری و خۆبەخشییەکەی. "خانمی رەجەوی ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ ئازادی و دادپەروەری و مافەکانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ".
لە فێڵە نوێیەکانی دیکتاتۆرییەت!
تا ئێستا خانمی مریەم رەجەوی زۆر جار رایگەیاندووە "نا بۆ حکومەتی زۆرەملێ، نا بۆ ئایینی زۆرەملێ و نا بۆ حیجاب و پۆششی زۆرەملێ". ئەم دروشمە گوزارشت لە رەتکردنەوەی دیکتاتۆرییەت لە ئێران دەکات و ئەوانەی دژی ئەم دروشمەن، پشتبەستووی دیکتاتۆرییەتی ئێرانن. لە چەند مانگی رابردوودا بڵندگۆی کۆنەپەرستان و کۆلۆنیالیستەکان، رژێمی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی و پشتیوانانی رۆژئاوایی ئەم دیکتاتۆرییە، لە وەڵامێکی داماوانەدا بەرامبەر بە موقاومەتی ئێران و موجاهیدینی خەلق دەڵێن: "تەڵاقی زۆرەملێ، بەسەربازیکردنی مناڵان بەزۆرەملێ، یارمەتیدانی زۆرەملێ" و رەنگە خەباتی زۆرەملێ(!) دژی دیکتاتۆرییەتیش. ئەمە کردەوەیەکی قێزەونانەیە کە لە کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێرانی و ناوچەیی و جیهانیدا هیچ کڕیارێکی نییە!
چارەسەری دروست چییە؟
حکومەتەکانی ئەوروپا دەیانەوێت دەستە چەورەکانیان بە جلوبەرگی موقاومەتی ئێران بسڕنەوە. بەڵام ئەمە هەڵەیەکی گەورەیە. لە رۆژانی وەک ئەمڕۆدا و ٣٤ ساڵ لەمەوبەر، دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران، حەوت لەشکری سوپای پاسدارانی رەوانەی سنووری رۆژئاوای ئێران کرد و بە رێگەی بەکرێگیراوانی خۆجەیی و ژمارەیەکی زۆر پاسی بەکرێگرتە، ویستی هێزەکانی موقاومەتی ئێران بە دیلی بگرن و بیانبەنەوە بۆ ئێران. بەڵام پاش ماوەیەکی کەم، بەرپرسانی رژێم دانیان بەوەدا نا کە "شکستێکی گەورە"یان خوارد و بە نیازبوون بە دیوارێکی بەرزتر لە باڵای خۆیاندا سەرکەون! ئەمە تەنها یەک ئەزموونە لە نێو زۆرێکدا و باس لەو راستییە دەکات کە موقاومەتی ئێران زۆر گەورەترە لە خواستی دیکتاتۆرییەت و سازشتکارانی رۆژئاوایی!
ئەمکارانەی حکومەتەکانی رۆژئاوا لەدژی موقاومەتی ئێران دەیکەن، بەر لە هەموو شتێک، گەورەیی و رەگداکوتاوی ئەم موقاومەتە نیشان دەدات، کە ئێستا دەیانەوێت ئەوەی نەیانکردووە و نییانە لە سەر حیسابی موقاومەتی خەڵکی ئێران بکەنەوە کە ئەوەش دەبێتە هۆی هاتنە پێشەوەی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی. ئەوان بە مەبەست بێت یان بە هەڵە، بێ ئاگان لەوەی کە "هەنگاوێک پاشەکشە بەرامبەر بە دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقێ، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم دەسەڵاتە دوو هەنگاو بێتە پێشەوە". ئەمە بە پێچەوانەی ئازادی و دیموکراسییە و شایستەی کۆمەڵگەیەکی مرۆیی ئازاد نییە.
جەوهەری مامەڵەی بێشەرمانەی حکومەتی سوید لەمەڕ ئازادکردنی بکوژ "حەمید نووری" و حکومەتی بەلژیکا لەمەڕ ئازادکردنی دیپلۆماتکاری تیرۆریست "ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" هێشتا وشک نەبووەتەوە، میدیاکانی سەر بە حکومەتی فەرەنسا بە چەواشەکاری هەوڵ دەدەن شتی لەمجۆرە لە دژی موقاوەمەتی ئێران بڵاو بکەنەوە. ئەمە شەرمەزارییە بۆ دەزگایەکی راگەیاندن لە ئەوروپا کە چارەنووسی خۆی بە دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهیەەوە گرێ داوە و هەواڵی ناڕاست بڵاودەکاتەوە و پەنا دەباتە بەر بەشەیتانکردنی موقاوەمەت! ئایا هیچ وانەیەک لە ئەزموونی رەشی "کودەتای ١٧ی جۆزەردان"ی 2003 لە فەرەنسا لە دژی موقاومەتی ئێران وەرنەگیراوە؟! ئەگەر حکومەتی فەرەنسا و حکومەتەکانیتری ئەوروپا بە دوای رزگارکردنی بە بارمتە گیراوەکانیانەوەن لە چنگ دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقێ، لەسەر حیسابی خەڵک و موقاومەتی ئێڕان چار ناکرێت!
وشەی کۆتایی!
دوور نییە ئەم رژێمە لە لایەن خەڵک و موقاومەتی ئێرانەوە بخرێتە ناو زبڵدانی مێژووەوە و ئەگەرچی راستییەکان لە مێژە روون و ئاشکران، بەڵام "رووڕەشی هەر بۆ زۆغاڵ و رەژی دەمێنێتەوە". فێربوون لە ئەزموونەکانی ا، رێگا خۆش دەکات بۆ پێشکەوتن بەرەو کۆمەڵگایەکی مرۆڤدۆستانە، کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکرات و ئاوەدان.